كۆنووسی (سێیەم)كۆبونەوەی لیژنەی باڵای دڵنیایی جۆریی و پەرەپێدانی پرۆگرامەكان زانكۆی سهڵاحهدین 2022-2023
ڕێكەوت: 03/01/2023
ڕۆژی: سێ شهممه
كات: 10:00ی بەیانی
شوێن: هۆڵی عەبدوڵڵا حەداد-كۆلێژی پەروەردە
بەئامادەبوونی بەڕێز (پ.د.نبیل عادل فخری) بهڕێوهبهری دڵنیایی جۆریی و پەرەپێدانی پرۆگرامەكان و سەرجەم ئەندامانی لیژنەی باڵای دڵنیایی جۆریی و پەرەپێدانی پرۆگرام لە كۆلێژەكان و ئەندامانی لیژنەی بەدواداچوونی تەكنیكی، سێیەم كۆبوونهوهی خۆیان ئهنجامدا. لەسهرهتای كۆبوونەوەكەدا بهرێز(پ.د.نبيل عادل فخری) بەخێرهاتنى هەریەك لە بهڕێزان ئەندامانی لیژنەی كردوو، پاشان ئەم بابەتانە تاووتوێكرا:
یهكهم: سەبارەت بە جێگیركردنی ناوی ئەندامانی لیژنەی باڵای دڵنیایی جۆریی و پەرەپێدانی پرۆگرامەكان و لیژنەی بەدواداچوونی تەكنیكی پرۆسەی دڵنیایی جۆریی، پێشنیاركرا كە بۆ ئەم مەبەستە فەرمانی زانكۆیی پێدەربچێت بەلای كەمەوە بۆ چەندساڵێك بەردەوام بێت وەكو لیژنەیەكی هەمیشەیی، چونكە بەمشێوەیە باشتر هەماهەنگی دەبێت لەنێوان بەڕێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆریی سەرۆكایەتی زانكۆو كۆلێژەكاندا بەتایبەت لە گەیاندنی بڕیارو ڕێنمایی و ڕاسپاردەكانی پرۆسەی دڵنیایی جۆریی بە سەرجەم مامۆستایانی بەشە جیاوازەكانی كۆلێژەكان.
دووەم: سەبارەت بەكەموكوڕی لە پرۆفایلی ئەكادیمی مامۆستایاندا، جەخت لەوەكرایەوە كە بەرپرسی دڵنیایی جۆریی كۆلێژەكان ئاگاداری سەرجەم مامۆستایانی بەشەكانی كۆلێژەكانیان بكەنەوە لەوەی(C.V) لەسەر بنەمای تێمپلێتی زانكۆمان لەسەر پرۆفایلی ئەكادیمی خۆیان ئەپلۆد بكەن، بەجۆرێك كە زانیارییەكانی ناو(C.V)مامۆستا نوێترین بن و ئیمەیڵی زانكۆی دانابێت، چونكە هەر مامۆستایەك كەم و كوڕی لە سی ڤی یاخود زانیارییە سەرەكییەكانی پرۆفایلی ئەكادیمیدا هەبێت بڕوانامەی دڵنیایی جۆریی بۆ ناكرێت لەكاتی پێشكەشكردنی داواكاری بۆ پلەبەرزكردنەوەی زانستی.
سێیەم: سەبارەت بە پەرەپێدانی پرۆگرامەكانی خوێندن لە بەشەكانی كۆلێژەكانی زانكۆمان، جەخت لەوەكرایەوە، كە لەهەر كۆلێژێك بەرپرسی دڵنیایی جۆریی و پەرەپێدانی پرۆگرامەكان بەرپرسیارە لەوەی كە ساڵانە ووردبینی بكات بۆ كاتژمێرو یەكەی هەموو بابەتەكانی بەشە جیاوازەكانی كۆلێژەكەی بكاتەوە، ئەگەر لە هەر بەشێك هەڵەیەك یاخود گۆڕانكارییەك لە كاتژمێرو یەكەی بابەتەكاندا كرابێت بەزووترین كات هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆریی و پەرەپێدانی پرۆگرامەكاندا بكرێت بۆ جێگیركردنی لە ئەرشیفی سەرۆكایەتی زانكۆدا.
چوارەم: سەبارەت بەگرفتی نەبوونی داتابەیسێكی شیاو بۆكاری لیژنەی تاقیكردنەوەكان، پێشنیاركرا لە هەر كۆلێژێك بەنووسراوی فەرمی كە ئاراستەی سەرۆكایەتی زانكۆ كرابێت نوێنەرێك دەستنیشان بكرێت كە شارەزایی لە ڕێنماییەكانی لیژنەی تاقیكردنەوەكان هەبێت و شارەزایی لە ئای تی باشبێت، تاوەكو نوێنەری هەر كۆلێژێك لەكۆبوونەوە لەگەڵ (كۆمپانیای ئەوڕۆسۆفت)دا بەشداربن، كەوا بڕیارە لە چوارچێوەی پرۆژەی (ئەپرایز)دا داتابەیسێك بۆ زانكۆمان ئامادەبكات.
پێنجەم: سەبارەت بە دروستكردنی ئیمەیڵی زانكۆمان بۆ قوتابیانی قۆناغی یەك، جەخت لەوەكرایەوە كە بەرپرسی دڵنیایی جۆریی كۆلێژەكان بەرپرسیارن لەوەی ساڵانە پێویستە بەهەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسی تۆماری كۆلێژەكانیان بەزووترین كات ئیمەیڵ بۆ سەرجەم قوتابیانی قۆناغی یەكەم دروست بكەن، تاوەكو بتوانن بەهۆیەوە لە پرۆسەی فیدباكدا بەشداری بكەن.
شەشەم: سەبارەت بە بەشداریكردنی قوتابیانی سەرجەم بەشەجیاوازەكانی كۆلێژەكان لە كۆنفرانسی بەخشینی گرانت بە پرۆژەی دەرچوون و ئایدیای بەسوود، لەبەر ئەوەی لە هەندێ لە بەشەكان خەم ساردییەك هەیە وەك پێویست بایەخ بە پرۆژەی دەرچونی قوتابیان نادرێت چونكە ڕێژەیەكی كە لە قوتابیان پرۆژەی دەرچوونیان سەبمیت كردووە بۆ داواكردنی گرانتی ناوخۆیی زانكۆمان، پێشنیاركرا لەهەر بەشێك ئەگەر كاندیدیان نەبێت بۆ وەرگرتنی گرانت بۆ پرۆژەی دەرچوون لەو بەشەدا سەروانەی پرۆژەی دەرچوون بۆ مامۆستایان هەژمار ناكرێت.
حەوتەم: سەبارەت بە ئەنجامدانی گۆڕانكاری لە بڕگەو خاڵە هەژماركراوەكانی هەردوو فۆرمی (زانستخوازی بەردەوام-CAD) و (هەگبەی مامۆستا-TP)، پێشنیاركرا لە كۆبوونەوەی داهاتوو بەرپرسی دڵنیایی جۆریی هەركۆلێژێك دەتوانێ پێشنیارەكانی خۆی پێشكەش بكات بەومەرجەی پاساوی زانستی و لۆجیكی بۆ پێشنیاروگۆڕانكارییەكان بخاتەڕوو.
بەمشێوهيه دواى 2:00 كاتژمێر كۆبوونهوهكه كۆتايى هات. لە كۆتایدا كۆبوونەوەكە داخرا.
پ.د.نبیل عادل فخری
بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆری و پەرەپێدانی پرۆگرامەكان