كۆنووسی (حەوتەم)كۆبونەوەی لیژنەی باڵای دڵنیایی جۆریی و پەرەپێدانی پرۆگرامەكان زانكۆی سهڵاحهدین 2021-2022
ڕێكەوت: 17/07/2022
ڕۆژی: یەك شهممه
كات: 10:30ی بەیانی
شوێن: هۆڵی عەبدوڵڵا حەداد-كۆلێژی پەروەردە
بەئامادەبوونی بەڕێز (پ.د.نبیل عادل فخری) بهڕێوهبهری دڵنیایی جۆریی و پەرەپێدانی پرۆگرامەكان و ئەندامانی لیژنەی بەدواداچوونی تەكنیكی لە زانكۆی سهڵاحهدین، حەوتەم كۆبوونهوهی خۆیان ئهنجامدا. لەسهرهتای كۆبوونەوەكەدا بهرێز (پ.د.نبيل عادل فخری) بەخێرهاتنى هەریەك لە بهڕێزان ئەندامانی لیژنەی كردوو، وەكو ڕێزێك بۆ گیانی پاكی هەردوو مامۆستای شەهیدی زانكۆمان، سەرجەم ئەندامانی لیژنەی دڵنیایی جۆریی خولەكێك ڕاوەستان و پاشان ئەم بابەتانە تاووتوێكرا:
یهكهم: سەبارەت بەئەنجامی هەڵسەنگاندنی مامۆستایان لە پرۆسەكانی دڵنیایی جۆریی و وەڵامدانەوەی گازاندەكانی مامۆستایان لەسەر ئەنجامەكان، جەخت لەوەكرایەوە كە پاش تەواوبوونی پرۆسەكە گلەیی و گازاندەی هیچ مامۆستایەك وەرناگیرێت چونكە تەواوی پرۆسەكە بەشێوەیەكی ئۆنلاین ئەنجام دراوەو وەڵامی هیچ گازاندەیەك دوانەخراوەو دەست بەجێ وەڵام دراوەتەوە.
دووەم: سەبارەت بە پرۆسەی دڵنیایی جۆریی بۆ هەرساڵێكی خوێندن لەزانكۆماندا، جەخت لەوەكرایەوە، كە پرۆسەی دڵنیایی جۆریی لە1/6 دەستپێدەكات تاوەكو 31/5 لەو ماوەیەدا مامۆستا دەتوانێت چالاكییەكانی خۆی لەسەر پرۆفایلی ئەكادیمی خۆی دابنێت، باشتر وایە لەسەرەتای هەموو ساڵێك مامۆستایانی كۆلێژەكان ئاگاداربكرێنەوە، كە لەپرۆسەی دڵنیایی جۆریدا بەتەواوی پابەندین بەو ڕێكەوتانە، هیچ پاساوێك پەسەند ناكرێت بۆ درێژكردنەوەی وادەی پرۆسەكە.
سێیەم: سەبارەت بەدەستنیشانكردنی بەرپرسی دڵنیایی جۆریی كۆلێژەكان، پێشنیاركرا كە كۆلێژەكان لەكاتی دەستنیشانكردنی بەرپرسی دڵنیایی جۆریی بەهەماهەنگی و ڕاگۆڕینەوە بێت لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆریی سەرۆكایەتی زانكۆدا چونكە كاتێك كۆلێژێك بەرپرسی دڵنیایی جۆریی دەگۆڕێت چەندین گرفت و لەمپەر لەبەردەم جێبەجێكردنی پرۆسەی دڵنیایی جۆریی و پرۆسەی ڕانكین دروست دەكات بۆ زانكۆمان لەبەرئەوەی ناكرێت بۆ هەر بەرپرسێكی دڵنیایی جۆریی كە تازە دێتە ناو پرۆسەكەوە سەرجەم ڕێنماییەكانی پێشووتر دووبارە بكرێنەوە یاخود ئەو لێیان بێ ئاگابێت.
چوارەم: سەبارەت بە بەشداری مامۆستایان لەپرۆسەی دڵنیایی جۆرییدا، جەخت لەوە كرایەوە كە لەسەرەتای هەموو ساڵێكی خوێندندا، بەرپرسی دڵنیایی جۆریی كۆلێژەكان ڕێنمایی مامۆستایانی بەشەكانیان بكەن، كە ئامانجی بنەڕەتی لە پرۆسەی دڵنیایی جۆریی بەشداریكردنی مامۆستایە بە چالاكی كارا نەوەك ئامادەبوون، چونكە هەر مامۆستایەك ئەگەر چالاكی و خاڵی كارای بەپێی پێویست نەبێت، ئەوا هیچ خاڵێكی ئامادەبوون و ناكارای بۆ هەژمار ناكرێت لەپرۆسەی دڵنیایی جۆریدا.
پێنجەم: سەبارەت بەگشتاندنەكەی بەڕێز سەرۆكی زانكۆ لەبارەی خەرج نەكردنی سەروانەی زێدەكی بۆ ئەو مامۆستایانەی كە كەم و كورتی لە پرۆفایلی ئەكادیمیان هەیە، جەخت لەوە كراوەیەوە كە بەهەماهەنگی لەگەڵ سەرۆك بەشەكان و بەرپرسی دڵنیایی جۆریی بەشەكان بۆ جێبەجێكردنی گشتاندنەكەو وەرنەگرتنی فۆرمی سەروانەی زێدەكی لەو مامۆستایانەی كە كەموكورتی لە پرۆفایلی ئەكادیمیان هەیەو بەشداری پرۆسەی دڵنیایی جۆریی ناكەن.
شەشەم: سەبارەت بەپێداچوونەوە بەناوی بابەتەكان و ژمارەی یەكەكانیان لەهەموو بەشەكانی كۆلێژەكان، جەخت لەوەكرایەوە كە ئەو لیژنەیەی كەپێكهاتبوو لەهەرسێ بەڕێزان (بەرپرسی تۆمار+سەرۆكی لیژنەی تاقیكردنەوەكان+بەرپرسی دڵنیایی جۆریی و پەرەپێدانی پرۆگرام) لەكۆلێژەكان ڕاپۆرتی خۆیان پێشكەش بە بەڕێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆریی سەرۆكاتی زانكۆ بكەن، سەبارەت بەهەر گۆڕانكاری دەستكاری كردنێك، لە ناوی بابەت و ژمارەی كاتژمێرو یەكەكان لەسەر بۆردی لیژنەی تاقیكردنەوەكان و پرۆگرامی خوێندنی هەریەك لەبەشەكانی كۆلێژەكاندا كراوە.
حەوتەم: سەبارەت بەگۆڕانكاری و دەستكاریكردن لەناوی بابەتەكان و ژمارەی یەكەو كاتژمێرەكان، جەخت لەوەكرایەوە كە بەلای كەمەوە بۆ ماوەی شەش ساڵ نابێت هیچ گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی لە پرۆگرامەكانی خوێندندا بكرێت لەهیچ بەشێكدا، جگە لەهەندێ گۆڕانكاری سادە نەبێت ئەوەش بەهەماهەنگی و ڕاوێژ لەگەڵ بەرپرسی دڵنیایی جۆریی كۆلێژو بەڕێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆریی زانكۆ دەبێت.
هەشتەم: سەبارەت بەكارەكانی لیژنەی ڕیزبەندی نیشتمانی زانكۆكان، جەخت لەوەكرایەوە كە لەهەر كۆلێژێك بەرپرسی دڵنیایی جۆریی كۆلێژ سەرجەم چالاكییەكانی كۆلێژەكەیان، لەناو داتاشیتەكانی ڕانكین داخڵ بكات، بۆئەوەی داتاكانی هەر كۆلێژێك لەلایەن لیژنەی داتاكۆلێكشنەوە ووردبینی بكرێت و هەڵەو كەموكورتییەكان چاك بكرێتەوە.
بەمشێوهيه دواى 2:00 كاتژمێر كۆبوونهوهكه كۆتايى هات. لە كۆتایدا كۆبوونەوەكە داخرا.
پ.د.نبیل عادل فخری
بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆری و پەرەپێدانی پرۆگرامەكان