لە رۆژانی ١٩ تا٢٠١٥/٥/٢٠ سەنتەری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی زانکۆ لە شاری هەولێری پایتەختی کوردستان، لە پێناو دەستوورێک بۆ کوردستان زانکۆی سەلاحەدین دیدارێکی ئەکادیمی ساز دەکات، دیدارەکە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت، کە تیایدا شەش پانێڵ لە خۆدەگرێت و هەر پانێڵێک چوار تەوەرەی تێدا باس دەکرێت. پانێڵی یەکەم بەناونیشانی بنەماکانی پڕۆژەی دەستووری کوردستان کە تەوەرەکانی بریتی دەبن لە قۆناغەکانى داڕشتنى دەستوور لە هەرێمى کوردستان، بنەماکانى سیستەمى سیاسی هەرێمى کوردستان، بنەماکانى دیموکراسیەت و مەدەنیەت، پێگەى ئیسلام لە پڕۆژەى دەستوورى کوردستان. هەروەها پانێڵی دووەم بەناونیشانی چۆنێتى ڕێکخستنى پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستانە کە لە تەوەرەکانی سنووری جوگرافی و سیاسی هەرێمى کوردستان، پەیوەندى دامەزراوەیی لەگەڵ دەسەڵاتە فیدڕاڵیەکانى عێراق، پەیوەندى یاسایی لەگەڵ دەسەڵاتە فیدڕاڵیەکانى عێراق، پەیوەندیەکان لەگەڵ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى پێکدێت. پانێڵی سێیەم بەناونیشانی ماف و ئازادییە مەدەنى و سیاسیەکان لە دەستوورى کوردستان کە تەوەرەکانی ڕێکخستنى ماف و ئازادیەکان، ماف و تایبەتمەندییەکانى نەتەوەى تورکمان، ماف و ئازادیەکانى پێکهاتەى سریانى، کلدانى، ئاشورى، ماف و ئازادی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیەکانى تر لەخۆ دەگرێت. هەروەها لە رۆژی دووەمدا سێ پانێڵی تر بەرٍِێوە دەچێت کە پانێڵی یەکەم بەناونیشانی ڕێکخستنى دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان کە تەوەرەکانی بنەماى لێکجیاکردنەوەى دەسەڵاتەکان، دەسەڵاتى یاسادانان لە دەستوورى کوردستان، دەسەڵاتى جێبەجێکردن لە دەستوورى کوردستان، دەسەڵاتى دادوەرى لە دەستوورى کوردستان تێدا باس دەکرێت. پانێڵی دووەم بەناونیشانی دەستە و کارگێڕییەکان لە دەستوورى کوردستانە کە تیشک دەخرێتەسەر تەوەرەکانی بنەماى لامەرکەزى و کارگێڕییە خۆجیێیەکان، دەستە وکۆمیسۆنە سەربەخۆییەکان، ڕێکخستنى حوکمە دارایی و ئابوورییەکان، ڕێکخستنى سەرچاوە و سامانە سروشتیەکان. هەرچی پانێڵی کۆتاییە لە رۆژی دووەمدا گفتوگۆى کراوە دەبێت سەبارەت بە هەڵوێستى پارتە سیاسیەکان کە نوێنەری پێنج پارتە سیاسییە کوردستانیەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشدار دەبن.
بەروار :٢٠١٥/٥/١٧