لە سەنتەری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی زانکۆ، بە ئامادەبونی پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و ئەنجومەنی زانکۆو ئەنجومەنی کۆلێژەکان و ژمارەیەکی بەرچاو لە پرۆفیسۆرەکانی زانکۆو بەرپرسانی دڵنیایی جۆری و خوێندنی باڵاو پەرەپێدانی پڕۆگرامەکان و مامۆستایانی زانکۆ، زانکۆی سەلاحەدین سمینارێکی بۆ د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی بەناونیشانی (پلان و تێڕوانینی نوێ بۆ ریفۆرمی خوێندنی باڵا) ساز کرد، لە سمینارەکەدا دکتۆر یوسف گۆران تیشکی خستەسەر رەوتی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان و هەنگاوە تازەکانی پێشکەوتنی ئەو بوارە، د.یوسف گۆران بەچەند تەوەرێک و خستنەڕوی داتاو ئاماری نوێ تیشکی خستە سەر دۆخی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و، هەوڵەکان بۆ بایەخدان بەتوێژینەوەی زانستی، پەرەپێدانی پڕۆگرامەکانی خوێندن و بەستنەوەیان بەبازاری کار و، پڕۆژەی ڕیزبەندی نیشتمیانی بۆ زانکۆکانی کوردستان و ڕەهەندە جیاکانی، پرۆسەی بۆڵۆنیا و ئاوێتەبونی زانکۆکانی کوردستان بە ستانداردی زانستی ئەوروپی.لەو چوارچێوەیەدا و لە سەرەتیا سمینارەکەدا، دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆکی زانکۆ ی سەلاحەدین بەناوی ئامادەبووانەوە بەخێرهاتنی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کردو و، هۆکاری سیمینارەکەی ڕوونکردەوە، کە بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربونی مامۆستایانە لە پلان و دیدی تازەی وەزارەت بن بۆ ڕیفۆرمی خوێندنی باڵا.پاشان د.یوسف گۆران بە ئامادەبوانی ڕاگەیاند: وەک وەزارەت ئارەزو دەکەین بابەتی ڕیفۆرمی خوێندنی باڵا لەگەڵ مامۆستایان و لایەنە پەیوەندیدارەکان تاوتوێ بکەن، چونکە پێمان خۆشە لەسەر دەستی ئەوانەوە دەوڵەمەند بکرێت، وتیشی " کە باسی ڕیفۆرم دەکەین، مانای ئەوەنییە شتێکی خراپ، چاک دەکەین، یان لە بایەخی هەوڵەکانی ڕابردو کەمدەکەینەوە، بەڵکو بەمانای تازەکردنەوەیە و گونجاندنییەتی لەگەڵ دۆخ و قۆناغی ئێستا".وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، باسی لە نەخشەڕیگەی ڕیفۆرمی خوێندنی باڵای کرد، بۆ ئەوەش لەڕێگەی داتاشۆوە تەوەرەکانی خستەڕوو، سەرەتا باسی مێژووی خوێندنی باڵای لە کوردستان کرد و، وتی: لەساڵی ١٩٩١ەوە هەرێمی کوردستان لە یەک زانکۆی حکومییەوە بۆتە خاوەنی دەیان زانکۆ و نزیکەی (٥٧٥) بەشی زانستی و، (١٠٦٠٠٠ ) خوێندکار و (٧٢٥٨) مامۆستای هەیە، وتیشی " ئەمە مانای ئەوە نییە ئیتر تەواو ڕازین، بەڵکو خوێندنی باڵا و بواری ئەکادیمیا لەو سەردەمە داواکاری زیاتری لێمان دەوێت و ناچارین خۆمان بەجیهانی بکەین و
پەیوەندی زانستی لەگەڵ دەرەو ببەستین و، بەرواردی خۆمان لەگەڵ باش و باشتر و باشترین بکەین، تەنیا بەو شێوەیە بەرەو پیشەوە بڕۆین".د.یوسف گۆران لەبارەی پێگەی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەئاماژەکردن بەڕاکینگی جیهانی وتی: عێراق بە گشتی لە ڕوی بەرهەمی توێژینەوە، لە ساڵی (٢٠٠٤) ئاستەکەی بەرز بۆتەوە، بەڵام بەبەراورد لەگەڵ وڵاتانی تر زۆر لەدواوەیە، وتیشی " یەکێک لەکارە سەرەکییەکانمان لە پلانی نوێی خوێندنی باڵا، گرنگییەکی زۆر بە توێژینەوە دەدەین و، بۆ ئەم مەبەستەش ئەنجومەنێکی باڵا بۆ توێژینەوەمان دامەزراندوە، هەر کەسێک دەیەوێت بەشدار بێت، با سیڤیەکەی بنێرێت".لە بەشێکی دیکەی سمینارەکەیدا د.یوسف گۆران نەخشە ڕێگە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ڕون کردەوە ڕایگەیاند: وەزارەتی خوێندنی باڵا لە ئێستادا کار بۆ جێبەجێکردنی ڕیزبەندی نیشتیمانی بۆ زانکۆکانی کوردستان دەکات بەئامانجی ئەوەی پێشبڕکێیەک بکەوێتە نێوان زانکۆکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیان، وتیشی گرنگی جێبەجیکردنی ئەم پڕۆژەیە لەوەدایە کە ئاستی زانستی زانکۆکانی کوردستان بەرز دەکاتەوە، لە هەمان کاتدا کێبڕکێیەکی زانستی و ئەکادیمی لە نێوان زانکۆکان دروست دەبێت، ئەوە جگە لەوەی کە زانکۆکان ئاشنا دەبن بەپێوەر نوێیەکانی ئاستی زانکۆکان، کە بەهۆیانەوە ڕانکی زانکۆکانی کوردستان لەسەر ئاستی نەخشەی زانکۆکانی جیهان بەرز دەبێتەوە، ئەوەش خزمەتکردنێکی دیکە بە زانکۆکانی کوردستان، کە لە ڕێگەوە ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر کۆمەڵگەو بەرەوپێشبردنی سێکتەرە جیاکان.هەر لە سمینارەکەیدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە وردی باسی لە پڕۆسەی بۆڵۆنیا کرد و ڕایگەیاند: ئێستا زۆر بەجدی کاردەکەین بۆ ئەوەی بچنە ناو ئەو پڕۆسەیە و، ئەوەش دەبێتە دەسکەوتێکی گەورە و زانکۆکانی هەرێمیش لەزۆر کیشە ڕزگاریان دەبێت، چونکە پڕۆسەی بۆلۆنیا دەزگایەکی زانستییە لە بواری خوێندنی باڵا و، خاوەن پێوەری تایبەت بەخۆیەتی و، لە ئێستادا (٤٨) دەوڵەتی بەشداریان تێدا کردووە و پابەندن بە پرەنسیپەکانی، وتیشی " ئەگەر بتوانین بچینە ناو ئەو پڕۆسەیەوە لە کێشەی یەکسانکردنی بڕوانامە و گوێزانەوە لە زانکۆکانیی هەرێم بۆ زانکۆکانی ئەوروپی بەهەمان ئاست و قۆناغ ڕزگاری دەبێت و، هەروەک جۆرێک لە یەکبوونی میتۆدی خوێندن دێتە ئاراوە"د.یوسف گۆران نەیشاردەوە، کە ئەم پڕۆسەیە کارێکی ئاسان نییە و ئیرادە و پشودرێژی دەوێت، چونکە ئێمە کار لەسەر لایەنەکانی کواڵیتی دەکەین لە بواری یاسای خوێندنی باڵا، زمان، زانستی، ئەکادیمی و ئیداری و پابەندین بە جێبەجێکردنی، ئەگەر بتوانین (٥٠%) جێبەجێبکەین، کەواتە هەنگاوێکی گەورەمان بڕیوە".لە دوای خستنەڕوی ڕاو
پێشنیازو بۆچون و پرسیارەکانی مامۆستایانی ئامادەبو بۆ چۆنییەتی باشکردنی دۆخی زانکۆکان و، وەڵامی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ پرسیاری ئامادەبوان، لەلایەن د. ئەحمەد دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین دیاری زانکۆکەیانی پێشکەش بە د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرد.
بەروار :٢٠١٥/٦/٥