ک+  ک   ک-
 
پەیامی پ.ی.د.ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین- هەولێر بەبۆنەی ساڵی نوێی خوێندنی ٢٠١٧ - ٢٠١٨

مامۆستایانى قەدر گران
قوتابیانى خۆشەویست ...

ئێمە لە کاتێکا ساڵى نوێى خوێندنمان دەست پێ دەکەین، کە نەتەوەکەمان بە قۆناغێکى ئێجگار هەستیاردا تێدەپەڕێ و گەلەکەمان دواى زێتر لە یەک سەدە لە خۆ راگڕى و قوربانى دان و قاتو قڕ کردن بە ئەنفال کردن و و کیمیا بارا ن و بێ سەرو شوێن کردن و راگوێزان وسوتاندن و کاول کارى لە لایەن رژێمە شۆڤینى و دکتاتۆرەکانى پێشوو ،ئەمجارە رژێمە مەزهەب پەرستەکانى ئەمڕۆ کە ئێمە بە نیەت پاکى و بڕواى راستگۆیانەمان بە دیموکراسیەت و وڵات پارێزى و ئاشتى پارێزى دواى روخانى رژێم دەستمان خستە نێو دەستیان بۆ ئەوەى بە یەکەوە عیراقێکى یەکگرتوو دروست بکەین کە بناغەکەى لە سەر برایەتى و یەکسانى و مەبدەئى شەراکەت و تەوافوق بونیات نرابێت ، بەو ئامانجە پیرۆزە پێکەوە دەستوورێکمان بۆ ئەو وڵاتە داڕشت ،کە رەنگدانەوەى خواست و ئاواتەکانى گەلانى عیراق بێت بە هەموو نەتەوەو ئایین و مەزهەبەکانییەوە، ئاواتمان بوو ئەو دەستوورە بۆ هەمیشە رێگە نیشاندەرمان بێت بۆ قەرەربوو کردنەوەى رۆژانى رەشى رابووردوو، چرایەک بێت بۆ هیواى ئایندەمان، کەچى ئەوەندەى نەبرد و مەزهەبیەکان دەسەڵاتى خۆیان سەپاندو دەستیان کرد بە پێشێڵ کردنى ئەو دەستوورەو دروست کردنى حەساسیەتى نەتەوەیى و مەزهەبى و نەهێشتنى شەراکەت و بڕواى تەوافوق و لاواز کردنى دەورو بەرى خۆیان و پێشێڵ کردنى مافەکانیان، تا ئەو پێشێڵ کارى و حەساسیەت و شۆڤینیەتە گەیشتە ئاستێک کە کورد بەرگەى نەگرێ و ناچارى ئەوە بێت بە دواى رێگە چارەى گونجاودا بگەرَێت ، بۆ دەستە بەر کردنى مافەکانى، ئەوەبوو بڕیارى گەل لە پەرلەمانى کوردستانەوە دەرچوو بۆ راگەیاندنى پرۆسەى ریفراندۆم و بژارکردنى سەربەخۆ بوون و کۆتایى هێنان بە ئەشکەنجەو ئازارى زێتر لە سەدەیەک .
بۆئەو ئامانجە پیرۆزە گەلەکەمان بە زۆرینەى حزب و هێزە سیاسى و ئاینییەکانى سەر گۆڕەپانى کوردستان بە رۆحێکى نەتەوەیى بەرزو بڕوایێکى پۆڵایین بە دۆزى رەواى نیشتمانەکەیان ریفراندۆمى سەربەخۆییان راگەیاند و لەو ئەزموونە نەتەوەیى و نیشتمانییە کەم وێنەیەدا سەرکەوتنێکى گەورەیان بۆ مێژووى نەتەوەکەیان بە دەست هێنا ، کە تا مێژوو مابێت شانازى پێوە بکرێت ، کە بێگومان گەلەکەمان بە تێکڕاى چین و توێژەکانییەوە رۆڵى کارایان هەبوو لەو سەرکەوتنە ، بەڵام رۆڵى زانکۆ کە زۆرێک لەو مامۆستا خاوەن ئەزموون و قوتابیە گەنجو لاوە دڵ گەرمانەى لە خۆ دەگرت، رۆڵێکى سەرفیرازو جیاوازییان هەبوو لەو سەرکەوتنە گەورەیەدا، ئەمەش جێگەى شانازى هەموو لایەکە .

مامۆستایانى بەڕێز
 قوتابیە خۆشەویستەکان ...

ئێمە ئێستا لەو هەلو مەرجەى دواى رێفراندووم ئەرکمان لە قۆناغى پێشووتر سەختر و قورستر دەبێت ، چونکە ئێمەین بۆ قۆناغى سەربەخۆ بوون دەبین بە بناغە بۆ دروست کردنى دەوڵەتێکى مەدەنى کە لە سەر زەمینەیەکى زانستى و دیموکراسى و یاسایى دروست کرابێت و لە ئایندەدا هاوکوف بێت لە گەڵً ئەو پێناسەیەى کورد کە لە هەموو جیهاندا شانازى پێوە دە کرێت ، دەبێ ئەوەش بسەلمێنین کە ئێمەى کورد چۆن بە بڕوا بە خۆ بوون و قارەمانیەتى و مقاوەمەت کردن دژى تیرو پارێزگارى کردن لە ئاشتى و ئارامى ناسراوین ئاواش لە گۆڕەپانى زانستى دا توانست و ئیرادەى خۆمان بسەلمێنین و پێشکەوتنى دیارو بەرچاو لە بوارى زانستى دا بە دى بێنین ، ئەرکى هەرە سەختى ئایندەى دەوڵەتى کوردى دەکەوێتە ئەستۆى تاکە تاکەى ئێمەى مامۆستایان و قوتابیان و فەرمانبەرانى زانکۆ ، بۆ ئەوەى وەک نەوەیەکى نوێ ئەرکى هوشیار کردنەوە و بە مەدنى بوونى گەلەکەمان بگرینە ئەستۆ، دەست پێشخەر بین لە بونیاتنان و ئاوەدان کردنەوە بەرەو پێشەوە بردنى ئەو ئەزموونە کە کورد بە لافاو خوێنى لە پێناودا رشتووە .
ئێمە دڵنیاین ئەو قۆناغە نوێیە دەبێتە فاکتەرێکى بە تین بۆ جولانەوەى حەماسى نەتەوەییمان و گرد بوونەوە لە دەورى یەکترو کۆتایى هێنان بە دوو بەرەکى و راماڵینى دیاردە تاڵەکانى رابووردوو ، چونکە ئەو ئاسۆ نوێیەى بەڕێوەیە موژدەى گەورەى پێیە بۆ کۆتایى هاتن بە ئەشکەنجەو ئازارى گەلەکەمان و چاوەڕوانیە دوورو درێژەکانمان ، موژدەى گەورەى پێیە بۆ لە دایک بوونى وڵاتێک ئاسوودە بە پێکەوە ژیان و نموونە لە دیموکراسیەت و پێشکەوتوو لە فیکرو زانست و سەرفیراز لە ئاشتى و تەبایى ..
ساڵى نوێتان پیرۆز کە ساڵى ئومێدى گەورەو ساڵى هەڵاتنى ئاسۆى سەربەخۆبوونە ...پیرۆزەو هەر سەرکەوتوو بن .

                                                                                                                          د. ئەحمەد دزەیى
                                                                                                   سەرۆکى زانکۆى ەلاحەدین ـ هەولێر   

بەروار :٢٠١٧/٩/٢٩