ک+  ک   ک-
 
سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین پێشوازى لەشاندێک کرد

                

د.ئەحمەد ئەنوەر دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەددین لەدیوانى سەرۆکایەتى زانکۆدا پیشوازى لەشاندێک کرد، کە پێکهاتبوو لە د.سوڵتان عورابى ئەمیندارى گشتى یەکێتى زانکۆکانى عەرەبى، د. زیاد کوردى سەرۆکى زانکۆى ئەربەدى ئەهلى لەوڵاتى ئوردن، سەرەتا دواى بەخێرهێنان سەرۆکى زانکۆى سەلاحەددین باسى لەدوا پێشهات و بابەتەکانى یەکێتى زانکۆکانى عەرەبى و جەختیشى لەوە کردەوە کە زانکۆکانى عێراق بەشدارى کۆبوونەکان دەکەن کە لەمانگى ئۆکتۆبەردا دەبەسترێ، ئەم بەشداریکردنەش دواى کۆبوونەوەى زانکۆکانى عێراق هات کە لەهەفتەى رابردوو زانکۆى سەلاحەددین میواندارى کردبوو، لەلایەکى دیکەوە باسیشیان لەرۆڵى زانکۆکانى کوردستان کرد، کە بەشدارى دەکەن وەک زانکۆکانى عیراق، هاوکات باس لە کاندیکردنى یەکێک لەسەرۆک زانکۆکان کرد بۆ وەرگرتنى پۆستێک لەنێوەندى یەکێتى زانکۆکانى عەرەبى.
هەر لەدریژەى ئەو دانیشتنەدا سەرۆکى زانکۆى سەلاحەددین لەگەڵ سەرۆکى زانکۆى ئەربەدى ئەهلى وڵاتى ئوردن رێکەوتنامەیەکیان واژوو کرد بۆ پەرەپێدانى پەیوەندیەکان و ئاڵوگۆرى بیر و ڕا و چوون و هاتنى قوتابیان و مامۆستایان و سەرپەشتیار لەنێوەندى هەردوو زانکۆدا تا هەردوو زانکۆ لەرووى زانسییەوە سوود لەیەکتر وەربگرن. 

بەروار :٢٠١٧/٨/١٧