ک+  ک   ک-
 
ریفراندۆم.. ناسنامەیەک بۆ گەل و پێناسەیەک بۆ نیشتیمان لە پانێڵێکی زانکۆ سەلاحەدین دا

کۆلیژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سەلاحەدین بە هەماهەنگی کۆڕبەندی هزری ئیسلامی کوردستان، لە سەنتەری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی زانکۆی سەلاحەدین، پانێڵێکی بە ناونیشانی (ریفراندۆم.. ناسنامەیەک بۆ گەل و پێناسەیەک بۆ نیشتیمان) بۆ هەریەکە لە د. عەبدوڵڵا مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان و عەبدلرەحمان سدیق رووناکبیرو ئەمینداری گشتی کۆربەندی هزری ئیسلامی کوردستان و کرمانج یونس عوسمان راوێژکار لە دەستەی مافی مرۆڤ سازکرد.
لە دەسپێکی پانێڵەکەدا کە بەرپرسانی حزبی و حکوومی و ئەندامانی پەرلەمان و مامۆستایانی زانکۆی و ئایینی و قوتابیان تێیدا ئامادەبوون، دکتۆر ئەحمەد دزەیی گوتی: ئێمە وەکو زانکۆ سەلاحەدین بە گرنگییەوە دەڕوانینە پرسی ریفراندۆم، بۆیە ئێمە بەردەوام دەبین لە سازکردنی ئەم جۆرە سمینار و پانێڵانە، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی ئەکادیمی و زانستی و قانوونی ئەم پرۆسەیە بێتە سازکردن.
لە پانێڵەکەدا دکتۆر عەبدوڵڵا مەلا سەعید لە روانگەی ئایینی ئیسلامییەوە تیشکی خستە سەر سەربەخۆیی کوردستان و مافی چارەی خۆنووسین و گوتی: ئیسلام مافی بە هەموو میللەتێک داوە کە سەربەخۆ بێت. کە خوای گەورە ناسنامەی نەتەوەیی بە ئیجباری و ناسنامەی ئایینی بە ئیختیاری بە مرۆڤ دەبەخشێت. لە سەرەتا دەرکەوتنی ئایینی ئیسلام دانی بە هەموو نەتەوەیەک ناوە، بەشێوەیەک هیچ دەقێک لە ئایەتی قورئانی پیرۆز نادۆزییەوە کە دژایەتی مافی چارەی خۆنووسینی میللەتان بکات. بۆیە ئێستا کاتی راگەیاندنی دەوڵەتی کورستانییە چونکە حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق بە گشتی و حکوومەتی ئێستای عێراق بەتایبەتی ژیانمان پارێزراو نەبووە. بەشێوەیەک لە عێراق و لە سایەی سەربەخۆ نەبوونمان ئاینمان پارێزراو نەبووە و لە مەترسی دابووە.
هەر لە پانێڵەکەدا عەبدولرەحمان سدیق تیشکی خستە سەر کاتی سەربەخۆ بوونمان و روونیکردەوە: لە مێژوودا ئەم عێراقە بە هەڵە دروستکراوە و گەلانی بۆ کۆکراوەتەوە. هەر لە سەرەتای دروست بوونی سوپای عێراق، پەلاماری کورد و دواتر ئاشوورییەکانی داوە، هەروەک چۆن بەگژ شۆڕشەکەی شێخ مەحموود چوو. لە ئێستادا باشترین کاتە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم و راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستانی، چونکە ناکرێت چیتر دوابخرێ. لە ساڵانی ١٩٩١و ٢٠٠٣بۆچی دەوڵەتمان رانگەیاند؟ ئەوە چەند باس و هۆکارێک هەڵدەگرێ، بەڵام لە ئێستادا ئێمە بەشدارین لە نیمچە جەنگی جیهانی سێیەم، چیتر ناکرێت ئێمە بێ لایەن و ژمارە نەبین لەلایەن ئەمەریکا و وڵاتی دەوروبەرو جیهاندا. لەلایەکی دیکەوە ئەگەر ریفراندۆم نەمانبات بەرەو سەربەخۆی، خۆ دەکرێت لە چوارچێوەی دەوڵەتی کۆنفیدراڵی بین. بۆیە ئێستا لە تەک کاتەکەی پێویستیمان بە یەکڕیزی و تەبایی هەیە، چونکە ئەمە کارێکی نیشتمانییە و پێویستە هەموومان هەوڵی بۆ بدەین.
دواتر کرمانج یونس عوسمان، کە یەکێک بوو لە بەشداربووانی پانێڵەکە، لەبارەی ئەنجامدانی ریفراندۆم و راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستانی تیشکی خستەسەر لایەنی یاسایی و دەستووری لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، تێیدا گوتی: هیچ ماددەیەک لە دەستووری عێراقی نییە رێگری لە دروست بوونی دەوڵەتی کوردستانی بکات. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی مافی چارەی خۆنووسین و مافی دەوڵەتی بۆ هەموو میللەتان هەیە. بۆیە پێویستە لە رۆژی بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی کوردستان ئێوارەکەی دەوڵەتی کوردستانی رابگەینرێت، چونکە لەو کاتە عێراق کارێکی وای پێناکرێت رێگری بکات لە دروست بوونی دەوڵەتی کوردستان. لە ئێستا هیچ دەوڵەتێک بە رەسمی و بە ئاشکرایی ناڵی پشتگیری دەکەم یان نا، بەڵکو وەڵامەکەیان بۆ رۆژی سەربەخۆیی هەڵگرتووە. لە ئێستادا ئیرادەی گەلمان پێویستە، چونکە ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم بەبێ راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستانی، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دانی پێدا نانێ.
لەلایەکی دیکەوە لە رووی یاساییەوە هیچ وڵاتێک بۆی نییە سنوور لەسەر کوردستان دابخات، چونکە ئەمە لە رووی یاساییەوە دەچێتە خانەی برسی کردنی میللەتان. بۆیە دەکرێ لە رێگەی دبلۆماسیەتی بەرپرسانی کورد بەشێوەیەکی یاسایی چارەسەر بکرێت.

 

 

بەروار :٢٠١٧/٨/٩