لە دیوانی سەرۆکایەتی زانکۆ پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆکی زانکۆ بە ئامادەبوونی دکتۆر محەمەد رەشید موختار یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و دارایی پێشوازیکرد لە شاندێکی کونسولخانەی گشتی شانشینی ئەردەن لە هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی دکتۆر ولید ئەلقەزاز سکرتێری یەکەمی کونسولخانەو دکتۆر زاهیر رداد ئەلقرشی بەڕێوەبەری بازاڕگەری لە زانکۆی عەمانی عەرەبی لە شاری عەمانی ئەردەن، لە دانیشتنێکدا سەرۆکی زانکۆ وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان خوشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ لە هەماهەنگی نێوان کونسلخانەی ئەردەن و زانکۆی سەلاحەدین و سوود وەرگرتن لە ئەزمونی زانکۆکانی ئەو وڵاتە لە دانانی پڕۆگرامی هاوبەشی هزری و زانستی بەتایبەت لەو پسپۆڕیانەی هاوبەشن، هەروەها لە دانیشتنەکەدا باس لە ئەگەری کردنەوەی پەیمانگەی ژمێریاری کرا بە هاوکاری زانکۆ ئەردەنیەکان بۆ پێگەیاندنی کادیری پیشەیی لە هەرێمی کوردستان.
هەر لە دیدارەکەدا سکرتێری یەکەمی کونسلخانەی ئەردەن لە هەولێر ئاماژەی بەوەدا کە خوازیارن هەماهەنگی رۆشنبیری و ئەکادیمی لە نێوان زانکۆکانی ئەردەن و زانکۆی سەلاحەدین بێتەکایەوەو ئاڵوگۆڕی قوتابیان و مامۆستایان لە نێوان هەردوولا بکرێت، دکتۆر ولید ئەلقەزاز ئاماژەی بەوەدا کە زانکۆ ئەردەنیەکان ئامادەیی ئەوەیان تێدایە پێشوازی لە خوازیارانی خوێندنی بەکالۆریۆس و ماستەرو دکتۆرا بکەن بە داشکانی ٥٠% بە بەراورد بە هاووڵاتیانی دانیشتوی ئەردەن و ئاسانکاری تەواویش لە رێگەی فڕۆکەخانەوە بۆ قوتابیان بکرێت.
لە درێژەی دانیشتنەکەدا بەڕێوەبەری بازاڕگەری زانکۆی عەمان رایگەیاند کە زانکۆکەیان ئامادەیی تێدایە راهێنان بە کارمەندانی زانکۆی سەلاحەدین بکات بە پێًشکەوتوترین سیستەمی تازە لە بواری ژمێریاری و کاروباری قوتابیان و سیستەمی تۆماری گشتی. لە کۆتاییدا رێکەوتن لەسەر ئەوەی بە زووترین کات یاداشتنامەیەکی لە یەکگەیشتن لە نێوان هەردوولا واژوو بکەن.
بەروار :٢٠١٥/١٠/٥