ک+  ک   ک-
 
١١ زانکۆ لە ٧ وڵاتى دنیادا کۆنفرانسێکى نێو دەوڵەتى بۆ زمانى سریانى لە زانکۆى سەلاحەدین ئەنجام دەدەن

بە چاودێرى د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى و بە ئامادە بوونى د. ئەحمەد دزەیى سەرۆکى زانکۆ و ژمارەیەکى زۆر لە مامۆستایان، بەشى زمانى سریانى لە کولێژى پەروەردەى زانکۆى سەلاحەدین ، بە هەماهەنگى لە گەڵ زانکۆى کامبرینجى ئینگلیزى و زانکۆى هایدلبیرگى ئەڵمانى ، یەکەم کۆنفرانسى نێو دەوڵەتیان دەربارەى لێکۆڵینەوەکانى زمانى سریانى و سورەت لە سەنتەرى رۆشنبیریى زانکۆدا دەست پێکرد .
لە دەستپێکى کۆنفرانسەکەدا د.ئەحمەد دزەیى سەرۆکى زانکۆ وتەیەکى پێشکەش کردو تێیدا ئاماژەى بەوە کرد لە سۆنگەى بڕوا بوونمان بە ئامانجى پێکەوە ژیان ، بایەخێکى تایبەتیمان بە بەشى سریانى داوە ، ئەو کۆنفرانس و وۆرک شۆپە نێو دەوڵەتیەش کە ئەمڕۆ ساز دەکرێت نیشانەى ئەو بایەخ پێدانە تایبەتیە یە بەو بەشە .
هەروەها د. نەجدەت ئاکرەیى بەڕێوەبەرى گشتى توێژینەوەى زانستى لە وەزارەت و نوێنەرى وەزیر لەو کۆنفرانسەدا لە وتەیەکدا تیشکى خستە سەر گرنگى ئەو کۆنفرانسە نێو دەوڵەتیە سریانیە و گرنگى پێدانى وەزارەتى روون کردەوە بە بەشى سریانى و چالاکییەکانى .
دواتر د. سەهید ئیبراهیم راگرى کولێژى پەروەردە گوتى : کردنەوەى بەشى سریانى بۆ یەکەم جار لە کولێژەکەماندا بەو ئامانجە بووە کە رۆڵى کارامان هەبێت لە رووى زانستییەوە بۆ لە باوەش گرتنى مەسیحییەکان و پەرەپێدانى زمان و کولتوورو زانستییان بە زمانى رەسەنى خۆیان ، بۆیە ئێمە کردنەوەى ئەو بەشەمان بە ئەرکێکى نیشتمانى و ئەخلاقى زانیووە ، ئەو کۆنفرانسەش یەکەم دەستپێکى چالاکییەکانى ئەو بەشەیە .
هەروا د. کەوسەر سەرۆکى بەشى سریانى گوتى : لەو کۆنفراسە نێو دەوڵەتیەدا ١١زانکۆ لە ٧ وڵاتى جیهانى بەشدارى دەکەن و لە ماوەى 3 رۆژ دا ٢٧ توێژینەوەى زانستى پێشکەش دەکەن .

 بەروار :٢٠١٧/٩/١٠