ک+  ک   ک-
 
زانکۆی سەلاحەدین کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی هاوبەشی سازکرد

کۆلیژی پەروەردەی بنەرەتی لە زانکۆی سەلاحەدین کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی فریدریک- ئەلیگزاندەر ی ئەڵمانی سازکرد بە ناونیشانى (بنیاتنانى توانای مامۆستایان لەبواری پەروەردەو توێژینەوەدا). لە مەراسیمی کردنەوەی کۆنفرانسەکەدا کە ژمارەیەکی بەرچاوی نوێنەرانی زانکۆکانى کوردستان و زانکۆ ئەڵمانیەکان تێیدا بەشداربوون، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین لە ووتەیەکیدا ئاماژەی بەوەکرد زانکۆی سەلاحەدین بایەخێکی زۆری بەبواری پەروەردەی بنەرەتی داوەو ئەم کۆلیژە هەمیشە لەپێشکەوتندایە هەر بۆیە ئێستا داخوازی بۆ ئەو کۆلیژە روو لەززیادبوونە. هەروەها سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین (د.ئەحمەد دزەیی) گوتی (ئەم کۆنفرانسە بەرەنجامى کاری هاوبەشی چوار ساڵی نێوان هەر دوو زانکۆیە) هەر لەو مەراسیمەدا د.جەوهەر فەتاح (یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ) لە ووتەیەکیدا گوتی (یەکێک لە ئامانجە هەرە لەپێشینەکانە زانکۆی سەلاحەدین پێشخستنی توانای مامۆستایانە، هیوادارین ئەم کۆنفرانسە خزمەتی ئایندەی بواری پەروەردە بکات.) پاشان د.سیروان عارەب (رێکخەری کۆنفرانسەکە) گوتی (ئێمە لەرێگەى ئەو کۆنفرانسەوە دەمانەوێت پەرە بە کەلتوری یەکتر قبولکردن بدەین لەبواری ئاینی و رەگەزی)
شایەنی باسە کۆلیژی پەروەردەی بنەرەتی لەزانکۆی سەلاحەدین وەک هەوڵێک بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی تواناى مامۆستایان و قوتابیان و لەپێناو ئایندەیەکی گەشتر و باشتر بۆ نەوەکانى داهاتوو، توانى بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی فریدریک ئەلیگزاندەر لە ووڵاتی ئەڵمانیا، بەسپۆنسەری رێکخراوی (داد)ی ئەڵمانى بەدەست بهێنن. لە ماوە رابردوو نزیکەی شەست مامۆستا راهێنانیان بۆ کراوەو بەشداری چەندین سیمینارو وۆرک شۆپیان کردووە.

بەروار :٢٠١٧/٨/٢٨