ک+  ک   ک-
 
کۆبوونەوەى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و عێراق

 کۆبوونەوەى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و عێراق، بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ کۆبوونەوەى یەکێتى زانکۆکانى عەرەب کە بڕیارە لەم ماوەیەدا کۆبوونەوەکانى ببەسترێ بۆ دیاریکردنى ئەمیندارى گشتى زانکۆکانى عەرەب و هەردوو جێگرى ئەمیندارى گشتى، ئەم کۆبوونەوەیەش دواى ئەوە بوو کە کێشە و گرفت کەوتۆتە نێوەندى یەکێتى زانکۆکانى عەرەب، بەهۆى کشانەوەى زانکۆکانى وڵاتى سوودان و بەهەند وەرنەگرتنى بیروبۆچوونەکانیان لەمەڕ هەڵبژاردن ئەمیندارى گشتى و هەردوو جێگرەکەى و ئەنجوومەنى جێبەجێکارى یەکێتى زانکۆکانى عەرەب، ئەمەو کۆبوونەوەى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و زانکۆکانى عێراقى لەو چوارچێوەدا دەخولێتەوە، زیاتریش بۆ هەڵوێست وەرگرتن بەرامبەر بەهەموو ئەو کێشانەى کە لەنێوەندى یەکێیتى زانکۆکانى عەرەبدایە، هاوکات زانکۆکانى کوردستان و زانکۆکانى عێراق ئەندامن لەو یەکێتییە و دەتوانن سەنگى ئەو یەکێتییە رابگرن، ئەمەو لە سەرەتاى کۆبوونەوەکەدا د.ئەحمەد دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەددین-هەولێر وتەیەکى پێشکەشکرد دواى بەخێرهێنان هەموو ئەو خاڵ و گرفتانەى خستە روو کە لەم ماوەیەدا رووبەڕووى یەکێتى زانکۆکانى عەرەب بۆتەوە و دواى لەهەموو سەرۆک زانکۆکان کرد هەر یەکەو لەلاى خۆیەوە بۆچوونى خۆى دەرببڕێ، تا بڕیار و هەڵوێستێک بخرێتە روو، زیاتر بۆ ئەوەى، کە ئایا زانکۆکانى کوردستان و عێراق چۆن بەشدارى کۆبوونەوەى داهاتوو بکەن، ئایا هەڵوێستەکانیان بۆ دواخستنى ئەو کۆبوونەوە بێ یان لەو کۆبوونەوەى دواتردا بەشدار بن، ئەگەر داواى دواخستنى کۆبوونەوەکانیان کرد دەبێ بژاردەیان چى بێ، تا زانکۆکانى کوردستان و عێراق قورسایى خۆى بپارێزێ لەنێوەندى ئەو یەکێتییەدا، لەپاشاندا لەلایەن د.محەمەد ئەلحەمەدانى ئەندامى نووسینگەى جێبەجێکارى یەکێتى زانکۆکانى عەرەب و یاریدەرى سەرۆکى خولى ئێستایە، لەوتەیەکدا باسى لە دۆخى هەنووکەیى یەکێتییەکە کرد، دواى لە سەرۆکى زانکۆکان کرد بەوردى هەموو ئەو خاڵانە بخە روو کە سەنگى زانکۆکانى عێراق و کوردستان لەنێوەندى ئەو یەکێتییە بپارێزرێ، لەلایەکى دیکەوە باسی لە هەڵوێستى زانکۆکانى وڵاتى سوودان کرد کە دوور کەوتوونەتەوە لەو یەکێتییە بەهۆى هەڵوێستى ئەمیندارى گشتى.

هەر لەدرێژەى ئەو کۆبوونەوەیەدا یاس لە دواخستنى کۆبوونەوە خولى ٥٠ کرا، بەشێوەیەک نووسینگەى جێبەجێکارى یەکێتییەکە کۆبوونەوە بکەن، تا کات و شوێنى خولى ٥٠ دیارى بکەن.
لەنێوەندى ئەو کۆبوونەوەیەدا دواى ئەوەى دەرگەى گفتوگۆ خرایە روو چەندین بیروبۆچوون خرایە روو بۆ ئەوەى سەنگى زانکۆکانى عێراق لە یەکێتى زانکۆکانى عەرەب بپارێزرێ و بتواندرێ ئەندامێک یان دوو ئەندامى زانکۆکانى عێراق و کوردستان لەو یەکێتیەدا پۆستیان هەبێ و لەم رێگەیەوەش بتواندرێ برەو بەهەموو پەیوەندییەکان بدرێ تا لەنزیکەوە ئاگادارى هەموو هەنگاوێکى ئەو یەکێتییە ببن و بڕیار بەدەست بن لە هەموو ئەو هەنگاوانەى کە یەکێتى زانکۆکانى عەرەب دەیدات، هاوکات لەنێوەندى ئەو کۆبوونەوەیەدا بەگشتى پێشنیارکرا تا کۆبوونەوەى یەکێتى زانکۆکانى عەرەب دوا بخرێ، هەروا سەرۆک زانکۆکان پێشنیارى ئەوەیان کرد یەکێتى زانکۆکانى عێراق دابمەزرێ و هەروا بڕیاردرا بەدەستنیشانکردنى هەردوو بەڕێزان د.ئەحمەد ئەنوەر دەزیى و د.محەمەد ئەلحەمەدانى بۆ پۆستى جێگرى سەرۆکى یەکێتى زانکۆکانى عەرەبى لەکۆبوونەوە و هەڵبژاردنى داهاتوو.
هەر لەنێوەندى کۆبوونەوەى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و عێراق باس لەچەندین خاڵى پەیوەندى کرا لەنێوان زانکۆکان وەک وەرگرتنى قوتابیان و مامۆستایان لەو زانکۆکایانە و چارەسەرکردنى ئەو گرفتانەى کە پێشتر لەو نێوەندەدا هاتۆتەکایەوە، لەپاشاندا بەیانى کۆتایى درا بۆ هەموو ئەو بابەتانەى کە تاوتۆ کرا.
بۆ پێزانین زانکۆکانى عێراق و کوردستان کە زیاتر لە ٣٠ زانکۆ بوون، لەلایەن زانکۆى سەڵاحەددینەوە داوەتکرابوون بۆ ئەوەى لەنزیکەوە هەموو بابەتەکان تاوتۆ بکرێ، هاوکات چەندین گەشت و داوەت بۆ زانکۆکانى عێراقى رێکخرا و کۆبوونەوەکانیش لە هۆڵى قەڵا هوتێلى شیراتۆن رێکخرا.

 

بەروار :٢٠١٧/٨/١٣