ک+  ک   ک-
 
زانکۆی سەلاحەدین سمینارێک لە بارەی بە ئەلیکترۆنیکردنی سیستەمی کارگێڕی ساز دەکات

بە ئامادەبونی پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و راگرانی کۆلێژەکان و سەرۆک بەشە زانستیەکان و بەڕێوەبەرەکانی سەرۆکایەتی زانکۆو بەرپرسی دڵنیایی جۆری کۆلێژەکان. لە سەنتەری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی زانکۆ، زانکۆی سەلاحەدین سمینارێکی لەبارەی بەڕێوەچونی کاروبارەکانی زانکۆ بە سیستەمی تازەی ئەلیکترۆنی جیهانی بۆ دکتۆر دیلان مەجید یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی کۆیە بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا سازکرد. لە سەرتای سمینارەکەدا سەرۆکی زانکۆ وێڕای بەخێرهێنانی میوانان سوپاسی دکتۆر دیلان کرد کە ئەزمونی ئەکادیمی خۆی لەو سمینارە بۆ ئامادەبووان دەخاتەڕوو. لە سمینارەکەیدا دکتۆر دیلان مەجید کە بۆ سەرکردە ئەکادیمیەکانی زانکۆ پێشکەشیکرد تیشکی خستە سەر شێوازی خێراکردنی کاروبارە کارگێڕییەکانی زانکۆو نەهێشتنی رۆتینی کارگێڕی لە رێگەی بەکارهێنانی سیستەمی (Smart University) و کەڵک وەرگرتن لە سسیستەمی هاوچەرخی زانکۆ پێشکەوتوەکانی جیهان کە هەم بەڕێوەبەرایەتیەکان و بەشەکان بە زانکۆ ببێستێتەوە، لە لایەکی دیکەوە زانکۆ بە زانکۆکانی دیکەی ناوەخۆیی و عێراقی و جیهانی ببستێتەوە. لە بەشێکی دیکەوە دکتۆر دیلان جەختی لەسەر ئەوەکردوە کە دەبێت بەرپرسانی زانکۆ متمانەیان بەو سیستەمە هەبێت و بە کردار کاری بۆ بکەن تا بە سوود بۆ پڕۆسەی بەڕێوەچونی خوێندن لە زانکۆکان بگەڕێتەوە ئاستی زانستی و کارگێڕی بگاتە ئاستی زانکۆ جیهانییەکان. لە کۆتاییدا سەرۆکی زانکۆ نامەی سوپاسنامەی بە ناوی زانکۆی سەلاحەدین پێشکەش بە دکتۆر دیلان مەجید یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی کۆیە کرد.

بەروار :٢٠١٥/١١/٢٣