کۆلێژی ئەدەبیات

به‌شی جوگرافیا


وه‌ك هه‌ر به‌شێكی زانستی به‌شی جوگرافیا په‌یامی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه‌ كه‌ خۆی له‌ تایبه‌تمه‌ندێتی زانستی جوگرافیا ده‌نوێنێت وه‌ك زانستێك كه‌ بنه‌ما ورێساكانی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه‌ كه‌ له‌ رێگه‌یانه‌وه‌ جوگرافیناسان خزمه‌ت به‌ ووڵات وكۆمه‌ڵگاكانی خۆیان ده‌گه‌یه‌نن. 
ئه‌و زانسته‌ زانستێكه‌ بایه‌خ به‌ هه‌موو بواره‌كان ده‌دات له‌ هه‌ر جێگایه‌ك چونكه‌ له‌ سروشتی ئه‌و زانسته‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌دوای دابه‌شبوونی دیارده‌كاندا داده‌چێت جا ئه‌و دیاردانه‌ هه‌ر چیه‌ك بن سروشتی بن یان مرۆیی یان مه‌سه‌له‌ی په‌یوه‌ندیدار به‌ لایه‌نی ئابووری یان خزمه‌تگوزاری، له‌ دواییدا به‌دوای په‌یوه‌ندی نێوان دیارده‌كان داده‌چێت هه‌روه‌ها به‌دوای گرفتی دابه‌شبوونی داده‌چێت وپێشنیاری چاره‌سه‌ری شیاویان بۆ ده‌كات.
بۆیه‌ به‌شی جوگرافیا هه‌وڵده‌دات بۆ پێگه‌یاندنی خه‌ڵكانی شاره‌زا له‌و بواره‌دا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌رچوان له‌و به‌شه‌ زانستیه‌ وه‌كو توێژه‌ری زانستی ئاماده‌ ده‌كرێن بۆ ئه‌وه‌ی له‌و كاره‌دا كارامه‌بن.
له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ئه‌و زانست خزمه‌تێكی گه‌وره‌ به‌ جوگرافیای كوردستان ده‌كه‌یه‌نێت به‌گشتی بۆیه‌ لێره‌دا رۆڵی خۆی ده‌گێڕێت وه‌ك زانستێكی ستراتیژی و هه‌وڵی راستكردنه‌وه‌ی ئه‌و شێواندن وچه‌واشه‌كاریانه‌ ده‌داته‌وه‌ كه‌ جوگرافیای كوردستان رووبه‌رووی ده‌بێته‌وه‌.
بێگومان یه‌ك له‌ په‌یامه‌كانی ئه‌و به‌شه‌ ئاماده‌كردنی مامۆستایانه‌ له‌و بواره‌ بۆ بواری په‌روه‌رده‌یی له‌ سه‌رانسه‌ری هه‌رێمی كوردستاندا.

پێناسه‌و ئامانجه‌كانی قۆناغی یه‌كه‌م
قۆناغی یه‌كه‌م قۆناغێكی بنه‌ڕتی زۆرگرنگی پێگه‌یاندنی قوتابیانه‌ له‌ ڕووی زانستی جوگرافیا و له‌ ڕوانگه‌ی خودی ئه‌و بابه‌ته‌ هه‌مه‌ چه‌شن و هه‌مه‌ جۆره‌ی كه‌ له‌م ساڵه‌دا قوتابیان ده‌یخوێنن به‌ بڕی ( 30 ) هه‌فته‌. ئه‌م قۆناغه‌ قۆناغی سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی خویندنه‌ له‌ زانستی جوگرافیا و ڕێبازه‌كه‌ی و ناساندنی دیارده‌و فاكته‌ره‌ جوگرافیه‌كان و كاریگه‌ریان به‌سه‌ر سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سرووشتی و مرۆیی و ئابووریه‌كان، قوتابی ئاشنا ده‌بێت به‌ چه‌ند بابه‌تێكی بنه‌ڕتی جوگرافیا، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ بنه‌مایه‌كی زانستی بۆ گه‌شه‌پێدانی توانای قوتابی له‌ قوناغه‌كانی دیكه‌. 
مه‌به‌ست له‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ قوتابیان له‌م قۆناغه‌دا وه‌ریده‌گرن ، ته‌واوكردنی به‌شێك له‌ بازنه‌كانی فێربوون له‌پاڵ بابه‌ته‌كانی تری قۆناغه‌كانی پاشتر و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانستی وتوانستی شیكردنه‌وه‌ی جوگرافیایی لای قوتابیان و هاندانیان بۆ به‌كارهێنانی زانست و ته‌كنه‌لۆژیای سه‌رده‌م بۆ بواری شیكردنه‌وه‌ له‌ جوگرافیادا، وپێگه‌یاندن و ئاماده‌كردنیان وه‌ك هه‌ڵگرانی بڕوانامه‌ی به‌كالوریوس له‌ بواری جوگرافیادا. گرنگترین ئامانجه‌ تایبه‌تیه‌كانی ئه‌م قۆناغه‌ بریتیه‌ له‌:
1 – به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی قوتابیان بۆ تێگه‌یشتن وشیكردنه‌وه‌ی جوگرافی و لێكدانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی له‌ نێوان سه‌رجه‌م دیارده‌ جوگرافیه‌كان ( جوگرافیای سرووشتی یان مرۆیی یان ئابووری بێت ) . 
2 – ئاشناكردنی قوتابیان به‌ بواری پراكتیكی له‌ به‌شه‌كانی جوگرافیادا وه‌ك به‌شێك له‌ گه‌شه‌پێدانی توانای قوتابی.
3 – پێگه‌یاندنی قوتابیان بۆ هه‌ستكردن به‌سه‌رجه‌م دیارده‌و ڕه‌گه‌زه‌ جوگرافیاكان و ئه‌و فاكته‌رانه‌ی كاریان تێده‌كه‌ن. 
4 – به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی قوتابیان له‌هه‌ندێك بابه‌تی سه‌ره‌تای پێویست بۆ جوگرافیا وه‌ك ئامارو كومبیوتر.
5- یارمه‌تی دانی قوتابی بۆ گه‌شه‌پێدانی تواناكانی له‌ بواری بیركردنه‌وه‌ی زانستی و فێربونی گفتوگۆی زانستی ئه‌نجامدانی سیمناری زانستی.
6- ئاشناكردنی قوتابی به‌ مێژوی كوردستان و ئه‌و ڕوداوه‌ مێژوانه‌ی كوردستانی پێدا تێپه‌ڕیوه‌ وكاریگه‌ریان له‌سه‌ر بارودۆخی كوردستان. 
7- هه‌وڵدان بۆ ته‌واوكردنی یه‌كێك له‌ بازنه‌كانی پێگه‌یاندنی قوتابیانی به‌شی جوگرافیا له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و ( 8 ) بابه‌ته‌ هه‌مه‌ڕه‌نگ و گرنگانه‌ی كه‌ له‌ماوه‌ی ئه‌و ( 30 ) هه‌فتیه‌دا ده‌یخوێنن كه‌ تیایدا زۆربه‌ی بابه‌ته‌كان بواری توێری وپراكتیكیان تێدا ئه‌نجام ده‌درێت.