College of Education

: (تەندروستی و سەلامەتی)Health & Safety

فستیڤالی رۆژی جیهانی تەندروستی و سەلامەتی لە شوێنی کار کە لە رۆژی 28 -4-2016 بە ئامادەبوونی بەڕێز سەرۆکی زانکۆ لە کۆلێژی پەروەردە ئەنجام درا.

 

 

 


2014-2015
 

ڕاپۆرتی کار و چالاکیەکانی لیژنەی تەندروستی و سەلامەتی کۆلیژی پەروەردە لە ڕێکەوتی ٢٨/٤/٢٠١٥ (ڕۆژی جیهانی سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی)

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی لە ٢٨/٤/٢٠١٥، لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی کۆلیژی پەروەردە، لە ژێر دروشمی (هۆشیار کردنەوە و ڕاهێنان لە پێناو سەلامەتی و تەندروستی پیشەییدا) ئەم کار و چالاکیەکانەی خوارەوەی ئەنجامدا:

 ٩:٣٠ - ٩:٤٥   پلانی چۆڵکردنی تەنگەتاوی لە سەرجەم باڵەخانەکانی کۆلێژی پەروەردە (بەشەزانستیەکان، ڕاگرایەتی، کتێبخانە، کافیتریای مامۆستایان و قوتابیان). ئەم پلانە لە ژێر چاودێری بەڕێز د. ئەحمەد ئەنوەر دزەیی (سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین-هەولێر) و بەڕێز (د. بڕوا) بەڕێوەبەری لیژنەی تەندروستی سەلامەتی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و بەڕێز د. ئیدریس طاهر هەرکی (ڕاگری کۆلێژی پەروەردە)و بە سەرپەرشتی لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی کۆلێژی پەروەردە بەرێوەچوو. لە کاتژمێر (٩:٢٥) بەیانی ئاگرێکی گەورە لە سەر سەربانی باڵەخانەی بەشی کیمیا هەڵگیرسێندرا و شەش بۆمبی دوکەڵ لە ناو باڵەخانەی بەشی کیمیا تەقاندنرایەوە. پلانی چۆڵکردنەکە بە لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوەی تەنگەتاوی لە کاتژمێر (٩:٣٠) بەیانی، لە بەشی کیمیا، لە لایەن بەڕێز د. ئەحمەد دزەیی (سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین- هەولێر) دەستی پێکرد، لە هەمان کاتدا لە سەرجەم باڵەخانەی بەشەکان و ڕاگرایەتی زەنگی ئاگادارکردنەوەی تەنگەتاوی لێدرا و یەکسەر دەستکرا بە چۆڵکردنی سەرجەم باڵەخانەکان لە قوتابیان و مامۆستایان و فەرمانباران بە پێی بەرنامایەکی پێشتر ڕاگەیاندراو و ڕوونکراوە، کە پێشتر لە سەر ئاستی بەشەکان و کۆلێژ، کۆبونەوە و سمیناری تایبەتی لە بارەوە بۆ کرابوو. هەروەها پێشتر بەرنامەی پلانی چۆڵکردنی تەنگەتاوی، لەگەڵ سەرجەم ڕێنماییەکانی ڕێنیشاندەری چۆنیەتی چۆڵکردن و ڕێگا و دەرگاکانی دەرچوونی تەنگەتاوی بە چاپکراوی لە شێوەی پۆستەر لە سەرجەم باڵەخانەکانیی بەشەکان و ڕاگرایەتی هەڵواسرابوو. هەر لەگەڵ دەسپێکردن بە پلانی چۆلکردنەکە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی بەرگری شارستانی و تیمەکانی فریاکەوتنی تەندروستی گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە، بە مەبەستی کوژاندنەوەی ئاگرەکە وچارەسەرکردنی سوتاو و بریندارەکان. ئەم هەماهەنگیەش لە سەر بنەمای ڕێکەوتنێکی پێشوەخت ئەنجامدرابوو لە نێوان لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی کۆلێژ و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی بەرگری شارستانی و تیمەکانی فریاکەوتنی تەندروستی. دواتر ئاگرەکەی سەربانی بەشی کیمیا لە لایەن تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی بەرگری شارستانی، بە بەرچاوی قوتابیان کوژێندرایەوە. دوای ئەنجامدانی پرۆسەی چۆڵکردنی تەنگەتاوی، قوتابیان و مامۆستایان و فەرمانبەران هەریەکەیان بە جیا لە بەردەم بەشەکانیان لە شوێنێکی پێشتر دیاریکراو، کۆبونەوەو سەر ژمێریان بۆ کرا، بە مەبەستی زانینی ژمارەی ئەو قوتابی و مامۆستا و فەرمانبەرانەی کە لە پرۆسەی چۆڵکردنەکە، بە سەلامەتی نەهاتۆتنە دەرەوە و تووشی سوتان یان خنکان یان برینداری یان گیریان خواردووە بە هەر هۆکارێک. دواتر لەلایەن لیژنەکانی تەندروستیەوە، پرۆسەی گەڕان دەستی پێکرد بە دوای وونبوەکان بە مەبەستی بە هانا چوونیانەوەو ڕزگارکردنیان. لەو بارەشەوە چەندین حالەتی سوتان و خنکان و بورانەوە و بریندار بوونی نمایشکاریانە هەبوو، بە مەبەستی پیشاندانی چۆنیەتی ڕزگارکردن و چارەسەرکردنی سەرەتایی بە شێوەی شانۆگەری لە بەردەم قووتابیان.

٩:٤٥ – ٢:٣٠   دەستپێکردنی هەڵمەتی خوێن بەخشین بە بریندارانی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان، کە ئێستا لە جەنگدان دژ بە تیرۆرستانی داعش بە مە بەستی پاراستنی خاکی کوردستان و سەر وماڵی هاوڵاتیان. لەم پرۆسەیەدا ژمارەکی زۆر لە قوتابیان و مامۆستایان و فەرمانبەران خوێنیان بەخشی، بۆیە پرۆسەکە بۆ ڕۆژی دواتریش بەردەوام بوو، لە کۆتاییدا (٢٦٠) بوتڵی خوێن کۆکرایەوە.

٩:٤٥ – ١٠:١٥  پێشکەشکردنی چەند فریاگوزاریەکی سەرەتایی بە شێوەی شانۆگەری لە باخچەی بەردەم بەشی کیمیا. دوای تەواوکردنی پلانی چۆڵکردنی تەنگەتاوی بە سەرکەوتوویی وەکو لە پێشتر ئاماژەی پێکرابوو و بوونی چەندین حالەتی سوتان و خنکان و بورانەوە و برینداربوون و مردن (بە شێوەی شانۆگەری) لە بەشی کیمیا، قوربانیەکان یەکە یەکە لە باڵەخانە گڕگرتووە دووکەڵاویەکەی بەشی کیمیا دەردەکران بە نەقالە لە لایەن تیمی تەندروستی و سەلامەتی، کە پێکهێندرابوو لە قوتابیان و دە گواسترانەوە بۆ سەر ئەو شانۆیەی کە پێشتر ئامەدەکرابوو لە بەردەم بەشی کیمیا، بە مە بەستی پێشکەشکردنی فریاگوزاری تەندروستی خیرا بە شێوەی شانۆگەری لە بەردەم قوتابیان و کامیراکانی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ئامادەبوونی بەڕێز سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین و بەڕێوەبەری لیژنەی تەندروستی سەلامەتی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ( بەڕێز د. بڕوا) و بەڕێز ڕاگری کۆلێژی پەروەردە و سەرۆکی لیژنەی تەندروستی و سەلامەتی کۆلێژی پەروەردە (بەڕێز د. سعید عمر) ، مامۆستا بەڕێزەکانی کۆلێژ.

ئەو فریاگوزارییە سەرەتاییانەی کە لە سەر شانۆکە پێشکەشکران بریتی بوو لە: چارەسەرکردنی سووتانی پلە یەک، چارەسەرکردنی سووتانی پلە دوو، کوژاندنەوەی قوتابی گڕگرتوو (لە سەر پشتی قوتابیەکە)، بە ڕێگای بە تانی ئاگرکوژێنەوە، کوژاندنەوەی قوتابی گڕگرتوو (لە سەر پشتی قوتابیەکە)، بە ڕێگای (ڕاگرتن، بەردانەوە بۆ سەرزەوی و غلکردنەوە)، پەشێوی، بوورانەوە، بووژانەوەی دڵ، قوڕگ گیرانی بە هۆش، قوڕگ گیرانی بێ هۆش و خوێن بەربوون لە لووت.

١٠:١٥ – ١١:٠٠  دەستپێکردنی هەڵمەتی پاککردنەوەی کۆلێژ ( بەشەکان، باخچە و گۆڕەپان، .....هتد). بە مەبەستی پاک ڕاگرتنی کۆلێژ و پاراستنی ژینگە و سەلامەتی قوتابیان و مامۆستایان و فەرمانباران، بە ئامادەبوونی ڕاگری کۆلێژ و سەرۆکی لیژنەی تەندروستی و سەلامەتی کۆلێژ و بە سەرپەرشتی لیژنەی تەندروستی و سەلامەتی کۆلێژ و بە هاوکاری قوتابیان و بە دابەشکردنی کیس و دەستەوانە، دەستکرا بە پاککردنەوەی باخچەکان و گۆڕەپانەکانی کۆلێژ.

١٠:٣٠ – ٢:٣٠  کردنەوەی پێشانگای پۆستەراتی قوتابیانی پۆلی یەکەکانی سەرجەم بەشەکان، هەر بەشێک لە بەردەم بەشەکەیدا. لەم چالاکیەدا، قوتابیانی پۆلی یەکەکانی بەشەکانی بایۆلۆجی، کیمیا، فیزیا، بیرکاری، عەرەبی، دەرونناسی بەشداریان کرد. هەر بەشە لە بەردەم بەشەکەیدا پۆستەرەکانیان هەڵواسی و قوتابیان و مامۆستایانیش سەردانی پیشانگاکانیان کرد وپرسیاری زانستیان لە بارەی بابەتی پۆستەرەکان دەپرسی و قوتابیانی خاوەن پۆستەرەکان وەڵامیان دەدانەوە. ئەوەی شایانی باسە زۆر لە پۆستەرەکانی بەشەکانی کیمیا و بایەلۆجی و فیزیا پەیوەندیان هەبوو بە تەندروستی و سەلامەتی، هەر بۆیە پیشانگای پۆستەرەکان لەو ڕۆژەدا کرایەوە. 

١١:٠٠ – ١١:٣٠          پێشکەشکردنی سمینارێک لە لایەن بەڕێز (د. ئاراز حکیم رضا) لە ژێر ناونیشانی: ڕەفتاری تەندروست (السلوك الصحي) لە هۆڵی عبدلله حداد.

١١:٣٠ – ١٢:٠٠  پشوو و چای خواردنەوە

١٢:٠٠ – ١٢:٣٠ پێشکەشکردنی سمینارێک لە لایەن بەڕێز (د. وشیار علی اسماعیل) لە ژێر ناونیشانی (فریاگوزاری سەرەتایی بوژانەوەی دڵ) لە هۆڵی عبدلله حداد

لە کۆتاییدا، کار و چالاکیەکانی ڤیسیڤاڵی بەرز ڕاگرتنی ڕۆژی جیهانی تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی بە سەرکەوتوویی کۆتایهات کە یەکەم جارە لە سەر ئاستی زانکۆی سەلاحەددین کار و چالاکی لەم جۆرە بکرێت و لەو ئاستە بەرزە و ئامانجەکانی خۆی بپێکێت، کە لە خورەوە کورت کراوەتەوە:

1-هۆشیارکردنەوەی و ڕاهێنانی قوتابیان و فەرمانبەران و تەنانەت بەشێک لە مامۆستایان لە سەر چۆنیەتی ئەنجامدانی پلانی چۆڵکردنی تەنگەتاوی باڵەخانەکان لە کاتی کارەساتی نەخوازراو، هەروەها لە سەر پێشکەشکردنی فریاگوزاری سەرەتایی پێویست بۆ قوربانیانی کارەساتە نە خوازراوەکان.

2-بەرزکردنەوەی گیانی نیشتمان پەروەری و خۆبەخشی و هەست بە بەرپرسیاریەتی کردن لە لایەن  قوتابیان و فەرمانبەران و مامۆستایان بە رامبەر بە پرسە نیشتمانیەکان وەکو پێشکەشکردنی خوێن بە بریندارانی پێشمەرگە قارەمانەکان.

3-پاراستنی ژینگەی کار، خوێندن و فێربوون لە لایەن  قوتابیان و فەرمانبەران و مامۆستایان، بە پاککردنەوەی هەرەوەزی نێوان قوتابیان و فەرمانبەران و مامۆستایان و کارمەندان، جونکە پیسبوونی ژینگە کاریگەری لە سەر هەمووانە و ئەرکی پاراستنیشی لە سەر هەمووان پێویستە.

لە کۆتاییدا داوا لە بەڕێزتان دەکەم لە بەڕێزتان سوپاس و دەستخۆشی بکەن لەو بەڕێزانەی کە ناویان لە خورەوە نوسراوە و ئەندامی لیژنەکانی تەندروستین لە کۆلێژ و بەشداریەکی کاریگەریان هەبووە لە سەرکەوتنی کار و چالاکییەکانی بەرزڕاگرتنی یادی ڕۆژی جیهانی سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی، کە لە سەرەوە ئاماژەی پێکرا. هەروەها پێشنیار دەکەین ئەم جۆرە کار و چالاکیانە ساڵانە بە شێوەیەکی دەوری لە (٢٨)ی مانگی نیسانی هەموو ساڵێک( ڕۆژی جیهانی سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی) ئەنجام بدرێت، بۆ زیاتر گرنگیدان بە تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی لە شوێنی کار و خوێندن و فێربوون.

ناوی ئەندامە چالاکەکانی لیژنەی تەندروستی و سەلامەتی کۆلێژ، کە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی کار وچالاکیەکانی سەرەوەیان کرد

د. سعید عمر ابراهیم          سەرۆکی لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی کۆلێژ           

د. ریزان علی ابراهیم          ئەندامی لیژنەی باڵا – زانستە پەروەردیی و دەرونیەکان

د. هاشم محمد مصطفی       ئەندامی لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی کۆلێژ – عەرەبی

د. نهاد احمد امین             ئەندامی لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی کۆلێژ – بایۆلۆجی

د. ایوب صابر کریم            ئەندامی لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی کۆلێژ – فیزیا

م. عزیز عمانوئێل گورگیس     ئەندامی لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی کۆلێژ – ئینگلیزی

د. وشیار علی اسماعیل         ئەندامی لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی کۆلێژ – کیمیا

م. پەخشان محمد امین         ئەندامی لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی کۆلێژ – بیرکاری

ڕێزان محمد غفور              ئەندامی لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی کۆلێژ – کوردی

د. ئاواز جمیل حسن          ئەندامی لیژنەی تەندروستی و سەلامەتی بەشی کیمیا

م.ی. عبداللە صالح حسین     ئەندامی لیژنەی تەندروستی و سەلامەتی بەشی کیمیا

م.ی. هەوراز سامی خالد       ئەندامی لیژنەی تەندروستی و سەلامەتی بەشی کیمیا.